مەجلیسی گشتی
به‌یاننامه‌ی پارتی ئازادیی کوردستان به‌بۆنه‌ی ٢١هەمین ساڵهاتی تێرۆری ئاڵاهه‌ڵگری سه‌ربه‌خۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان سه‌عید یه‌زدانپه‌نا، رۆژی شه‌هیدانی PAK
18/9/2012
رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد!
   ٢٨ خه‌رمانانی  ئه‌مساڵ، رێکەوتی ١٨ سێپتامبری ٢٠١٢، بیست و یەک ساڵ به‌ سه‌ر تێرۆری رۆڵه‌ی هه‌ڵکه‌وتووی کورد، دامه‌زرێنه‌ری پارتی ئازادیی کوردستان، سه‌عید یه‌زدانپه‌نا،راده‌برێ.
  ٢١ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ کاتێکدا ته‌نیا ٤ مانگ له‌ بنیاتنانی بناخه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان تێپه‌ڕ بوو بوو، کاک سه‌عید ، ئێواره‌ی ئەو رۆژە له‌ شاری سلێمانی که‌وته‌ بۆسەی تاقمێک بەکرێگیراوی دەوڵەتی ئێران و تێرۆر کرا.
  سەعیدیەزدانپەنا، لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا، پاش ١٢ ساڵ پێشمەرگایەتی و بەشداریی چالاکانە لە بزووتنەوەی سیاسیدا، ساڵی ١٩٩١ لە سەرکردایەتی پۆلی لە هەڤاڵانیدا، بەردی بناخەی حیزبێکی نەتەوەیی کوردستانیی دانا و هێڵە گشتییەکانی گەڵاڵە کرد.
بەمجۆرە ئەو رۆڵە هەڵکەوتووە، نەک  هەر لە چوارچێوەی رێکخستنێکی سیاسییدا، بەڵکوو، لە ئاستی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا، بووە پێشەنگی گۆڕنکاریی لە گوتاری سیاسیی کوردستانییدا.

 سەعید یەزدانپەنا، لە کاتێکدا هێشتا جیهان سەردەمی شەڕی سارد و سیستەمی دوو جەمسەریی تێنەپەڕاندبوو، گوتاری ئێرانچێتی لە بزووتنەوەی کوردستاندا، تووڕ دا و گوتاری نەتەوەیی هەڵگرت. ئەو لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا، هێندێک چەمکی نوێی هێنایە گۆڕەپانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە. دواتریش، حیزبەکەی هاوکات لە گەڵ خەباتێکی سەخت و دژوار، لە داهێنانە سیاسییەکاندا، هەر وا بە پێشەنگی مایەوە و ٢١ ساڵ داهێنان و نوێگەریی سیاسی لە بزووتنەوەی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە لایان ئەم حیزبەوە بەرهەم هاتووە. سه‌عید یه‌زدانپه‌نا رچه‌ی رێگایه‌کی کردەوە که‌ شانازیی و باوه‌ڕ به‌ خۆ بوون به‌ تاکی کورد ده‌به‌خشێ، خۆڕاگری و کۆڵنه‌دان به‌رهه‌م دێنێته‌وه‌ و  هه‌رگیز په‌شیمانیی و ره‌نجبه‌خه‌ساریی تێیدانییه‌‌. ئه‌و رێگایه‌، رێبازی ناسیۆنالیزمی ئازادیبه‌خشی کوردییه‌، رێبازی رزگاریی کورد له‌ بنده‌ستی و کۆیله‌تیه‌، رێبازی قبووڵ نه‌کردنی داگیرکه‌ر و رەتکردنەوەی نابەرابەریی حقوقیی- سیاسیی لە گەڵ هەر نەتەوەیەکی دیکە و خاوه‌ندارێتی له‌ ناسنامه‌ و سنوور و خاک و نیشتمانه‌، رێگای وه‌ده‌ستهێنانی سه‌روه‌ریی سیاسی و سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی کورد و کوردستانە.

   سه‌عید یه‌زدانپه‌نا یه‌که‌م رۆڵه‌ی کورد و تاکە سه‌رکرده‌ی حیزبێکی کوردستانی نه‌بوو که‌ به‌ فه‌رمانی تاران له‌ ناو برا. تێرۆر و له‌ ناوبردنی سه‌رکرده‌ و رۆڵه‌ی خه‌باتگێری نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ پرۆسه‌کانی قڕکردن و ژێنۆسایدی کورد، نه‌ریتی نه‌گۆڕی حکومه‌ته‌کانی سه‌فه‌وی و قاجار و په‌هله‌ویی ده‌وڵه‌تی ئێران بووه‌. تێرۆری ناجوامێرانه‌ی  سمکۆ  و له‌ سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د وهه‌ڤاڵانی هەرگیز لە بیر ناکەین. تێرۆر و ئێعدام و بێسه‌روشوێن کرانی دەیان هەزار رۆڵەی ئەم نەتەوەیە لە بیر ناکەین. ئه‌م تاوانانه‌ له‌ پاڵ تاوانه‌کانی دیکه‌ی ژێنۆسایدی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ زیندووی دەهێڵینەوە؛ نه‌ فه‌رامۆشیان ده‌کەین و نه‌ لێیان خۆش ده‌بێن.

      ژێنۆساید و تێرۆری سه‌رکرده‌ و رۆڵه‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ ئێران، ته‌نیا له‌ لایان کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ کردە و ئاکاری هه‌موو حکومه‌ته یەک لە دوای یەکەکانی ئێران بووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و چاره‌نووسه‌ش ته‌نیا تایبه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌بووه و رێبه‌رانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌کانی‌ ئێرانی‌، گرتووه‌ته‌وه‌. ئه‌م راستییانە‌ ده‌یسه‌لمێنن که‌ ئێران‌، زیندانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌‌کانی دیکه‌ و مه‌کۆی کوشتنی رێبه‌ران و رۆڵه‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌کانمانه‌. به‌ تێگه‌یشتن له‌و راستییه‌ بوو که‌ رێبەری ناوداری کورد، شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌هری به‌ ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و رزگاریی یه‌کجاریی له‌م بنده‌ستییه‌، راپه‌ڕینێکی مه‌زنی رێکخست؛ دواتر سه‌رکرده‌ی مه‌زنی کورد سمایل ئاغا سمکۆ به‌ هه‌مان ئامانج له‌ ده‌سه‌ڵاتی ره‌زاشا راپه‌ڕی و ٦٦ ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان، نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌که‌ی  له‌ ده‌سه‌ڵات و حوکمی جینایه‌تکاران، جیاکرده‌وه‌. ئه‌مرۆش که‌ پۆلێکیتر له رێبه‌رانی سیاسی و سه‌تان رۆڵه‌ی هه‌ڵکه‌وتوو و ده‌یان هه‌زار له‌ ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ رۆژی ده‌رچوونی فه‌توای خومه‌ینیه‌وه‌ که‌ به‌ پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تان ده‌چێته‌ خانه‌ی ژێنۆسایده‌وه‌، له‌ ناوبراون ‌؛ هیچ پردێک بۆ ژیان و پێکه‌وه‌ مانه‌وه‌ی ئازادانه‌ و یەکسان ،‌ کورد و  تاران پێکه‌وه‌ گرێ نادا و ته‌نیا رێگای رزگاری یه‌کجاریی له‌ کوشتار و تێرۆری رێبه‌ران و رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتنی چاره‌نووسی سیاسی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌. له‌م رێگایه‌شدا به‌ حوکمی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و ئه‌خلاقی مرۆڤایه‌تی، نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌تانی جیهانی ئازاد و پێشکه‌وتنخواز له‌سه‌ریانه‌ له‌ قڕ کردن و تێرۆری مرۆڤی کورد وه‌ده‌نگ بێن و یارمه‌تی کورد بده‌ن بۆ ئەوەی لە رێگای رێفراندۆمێکی ئازادانەوە، مافی چارەنووسی خۆی وەدیی بێنێ.

   پارتی ئازادیی کوردستان، بە دوای رێبەرەکەیدا، لە مەیدانی بەرەنگاریی لە گەڵ هێزە داگیرکەرەکانی تاراندا، قافڵه‌یه‌ک شه‌هیدی پێشکه‌شی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان کردووه‌. بۆیه‌ بۆ به‌رز و به‌رێز راگرتنی ناو و یاد و خه‌باتی یه‌کبه‌یه‌کی هه‌ڤاڵانی شه‌هیدمان، 28 خه‌رمانان،به‌ رۆژی شه‌هیدانی پارتی ئازادیی کوردستان دیاریی کراوه‌. له‌م رۆژه‌دا خه‌باتگێرانی ریزه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستاندا په‌یمانی خه‌بات و نه‌سره‌وتن تا وه‌دییهێنانی ئامانج و ئاواته‌کانیان لە گەڵ شەهیدانی حیزبەکەیان، نوێ ده‌کەنەوە.

   ده‌با رۆڵه‌ به‌ ئه‌مه‌گه‌کانی کوردستان له‌ هه‌ر کوێ هه‌ن، به‌ هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان یان داگیرساندنی مۆمێک، به‌ خوێندنی سروودی ئه‌ی ره‌قیب یان دادانی فاتێحه‌یه‌ک، به‌ ساتێک راوه‌ستان یان ده‌مێک بێده‌نگی، رێز له‌و که‌سانه‌ بگرن که‌ ژیان و گیانی خۆیان له‌ پێناو ئازادیی و به‌خته‌وه‌ریی ئه‌واندا، به‌ختکردوە.

   هه‌ر له‌م رۆژه‌دا سڵاو دەنێرین بۆ سەرجەم خه‌باتگێڕانی ریزەکانی PAK کە شێلگیرانه‌ له‌سه‌ر په‌یمانی نەتەوایەتیی سوورن و ئاڵای ئاواته‌کانی سه‌عید و سه‌ردارانی نه‌مری نه‌ته‌وه‌که‌مانیان، شه‌کاوه‌ راگرتووە و ئێرادەیان لە تێرۆر و هەڕەشە و پیلان بە هێزترە.‌

 

 

سڵاو له  سەعید یەزدانپەنا‌ سه‌ر قافڵه‌ی شه‌هیدانی پارتی ئازادیی کوردستان

سڵاو له‌ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی خه‌باتی ٢١ ساڵه‌یPAK

سڵاو له‌ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌ی گەوەی کورد

 

پارتی ئازادیی کوردستان

مەجلیسی گشتی

 

٢٨ خەرمانانی ٢٧١٢

١٨ سێپتامبری ٢٠١٢


كۆمێنتی خوێنه‌ران
كۆمێنته‌كان ده‌ربرینی بیرورای خوێنه‌رانه ‌و سایته‌که‌مان به‌ر پرس نیه‌ له‌و كۆمێنتانه‌

ناو:
 
ئیمه‌یل:
 
کۆمێنت:
 
دیمانه‌
‌ یەزدانپەنا: نابێ هیچ حزبێك سەروەریی پارچەیەكی تری كوردستان پێشێل بكات
‌ رۆڵی ئێستای كاك مسعود بارزانی دەرفەتێكە بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی و نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین
بابه‌ت
تەوشناسی ناسیۆنالیزمی کوردستانی
عەلی عەونی
داسەپاندنەوەی دووبارەی سایس- پیکۆ لەدژی کوردان
حەسەن ماوەرانی
لە کەوتنی حەلەب ، دەستکەوتەکانی هەریەک لە روسیا و ئێران و تورکیا چی بوون ؟
نیاز حاجی
پێناسەیەک لە مێژووی ئاڵای کوردستان
بەهمەن کاک عەبدوڵلا
پەیامی فەرانسە و هاوپەیمانەکان بۆ PAK و کوردی رۆژهەڵات چییە؟
شەماڵ پیران
کۆمه‌ڵایه‌تی
  • ژنان
  • منداڵان
  • قوتابیان و لاوان
  • ژینگه‌
ئاخاوتن
کوردستان24: دەقی وتەکانی حسەین یەزدانپەنا فەرماندەی گشتی هێزەکانی PAK بەبۆنەی 71 کۆماری کوردستان ‌
زۆرترین خوێنراو
سه‌رەتا ئاخاوتن بابەت دیدار بۆ کوردستان مافی مرۆڤ دیمانه‌ کۆنگرەی یه‌ک په‌یوەندی دەربارە ئەرشیف
مافی کۆپی کردن پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ری پارتی ئازادیی کوردستان 2012